fbpx
top

زانیاری بۆ پەنابەران لە نۆروێژ

داوای پەناخوازی واتا داوای پاراستن. لەم نامیلەکەیەدا زانیاری وەردەگریت دەربارەی هەنگاوەکانی داوای پەناخوازی لە نۆروێژ.

ئەم نامیلکەیە لەلایەن ڕێکخراوی نۆروێژی بۆ پەنابەران NOAS ـەوە ئامادەکراوە. نواس ڕێکخراوێکی ناحکوومەتی بێلایەنە و کار بۆ مافی پەنابەران دەکات لە نۆروێژ. نواس زانیاری و ڕێنوێنی دەربارەی پرۆسەی پەناخوازی لە نۆروێژ دەداتە پەنابەران.

کارمەندانی نواس ئەرکی نهێنیپارێزییان هەیە. واتە ئەوەی کە تۆ بۆ ئێمەی باس دەکەیت، ناتوانین لای کەس باسی بکەین، تەنانەت بۆ حکوومەتی نۆروێژیش، تا خۆت ڕەزامەند نەبیت.

پەناخوازی، واتە پاراستن. تۆ مافی پاراستن و مانەوەت لە نۆروێژ هەیە گەر بیسەلمێنیت لە ئەگەری گەڕانەوەتدا بۆ وەڵاتەکەت دەکەویتە مەترسییەوە. بۆ ئەم هەڵسەنگاندنەش، یاساکانی نۆروێژ و نێواندەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافی پەناخوازی بە بنەما دەگیرێن.

گەر دەسەڵاتدارانی وەڵاتەکەت توانای پاراستنی تۆیان هەبێت، یاخود بتوانیت لە شوێنێکی ئارام لە وەڵاتەکەت بژیت، ئەودەم مافی پاراستنت نابێت لە نۆروێژ.

فەرمانگەی UDI بەشێکە لە حکوومەتی نۆروێژی. UDI هەڵسەنگاندن دەکات و دوابڕیار دەدات دەربارەی ئەوەی کە ئایا تۆ مافی پاراستنت هەیە و دەتوانیت لە نۆروێژ بژیت وەک پەنابەر یان نا. بەمەش دەگوترێت پرۆسەی پەناخوازی.

کاتێک تۆ مافی پاراستنت نابێت، UDI هەڵسەنگاندن دەکات کە بتوانن مافی مانەوەت بدەنێ بە هۆکاری مرۆڤدۆستانە. نەخۆشییەکی کوشندە کە چارەی لە وەڵاتەکەی خۆت نییە، قوربانیانی بازرگانی بە مرۆڤەوە یاخود کەسانی گرفتار لە باری تایبەتدا دەتوانن مافی مانەوە وەربگرن بە هۆکاری مرۆڤدۆستانە.

بە شێوەیەکی گشتی، هەبوونی/هێنانی پاسپۆرت مەرجە بۆ ئەوەی بتوانی مافی مانەوە بە هۆکاری مرۆفدۆستانە وەربگریت

پەناخوازی، مافێکی مانەوەی تایبەتە بەو کەسانە دەدرێت کە:

  • مەترسی ڕاوەدوونانیان لەسەرە بەهۆکاری نەژاد، ڕەچەڵەک، ڕەنگی پێست، دین، نەتەوە، ئەندامەتی لە گروپێکی جڤاکی یاخود لەبەر دیدی سیاسی …هتد
  • لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ وەڵاتەکەیان دووچاری مەترسی سزای مەرگ، ئەشکەنجە یان ڕەفتاری نامرۆڤانە و شکۆشکێنی یان سزا ببنەوە.

هەموو پەنابەرێک داخوازینامەی پەناخوازییەکەی لە نۆروێژ چاوی لێ ناکرێت. نۆروێژ هاوئاهەنگی هەیە لەگەڵ وەڵاتانی دیکەی ئەورووپایی بۆ چارەسەرکردنی داوای پەناخوازی. بەم هاوئاهەنگییەش دەگوترێت «هاوکارینامەی دبلن».

نۆروێژ، ئایسلەند، ليختنشتاين، سویسرا و تەواو وەڵاتانی یەکیەتی ئەورووپا ئەندامن لەم هاوکارینامەیەدا.

داواکاری پەناخوازییەکەت لە وەڵاتێکی دیکەی پەیماننامەی دبلن چارە دەکرێت لە کاتێکدا گەر یەک لەم خاڵانەی خوارەوەت هەبێت:

  • بوونی ئەندامی خێزانەکەت: هاوسەرت یان منداڵی خوار 18 ساڵ
  • هەبوونی ڤیزە یان مافی مانەوە
  • هاتبیتە نێو ئەو وەڵاتە بەبێ مۆڵەت یاخود مابیتەوە بۆ ماوەی پێنج مانگ یان زیاتر.
  • داوای پەناخوازییت کردبێت

دەتوانیت زانیاری زیاتر لەسەر هاوکارینامەی دبلن لەیەكێک لە هاوکارانمان لە نواس وەربگریت

گرنگترین زانیاریەکان سەبارەت بە داواکاریەکەت، لە لایەن خۆتەوە دەدرێت ێت. خۆت بەرپرسیاری لە پێدانی زانیاری پێویست بە حکوومەتی نۆروێژی بۆ هەڵسەنگاندنی داوای پەناخوازییەکەت.

لە دەستپێکی پرۆسەی پەناخوازییدا یەکەم دیدارت لەگەڵ پۆلیسدا دەبێت. پۆلیس زانیارییە گرنگەکان دەربارەی تۆ تۆمار دەکات و دەینێرێت بۆ UDI. لە هەندێ باردا، پۆلیس چاوپێکەوتنێکی بنەماییت لەگەڵ دەکات لەبری UDI. ئەمەش بە چاوپێکەوتنی پەناخوازی ناودەبرێت. لە لایەن پۆلیسەوە بە ڕوونی ئاگادار دەکرێتەوە گەر ئەم چاوپێکەوتنە دوا چاوپێکەوتنی پەناخوازیت / داواکاریەکەت بێت. بە شێوەیەکی ئاسایی UDI خۆی چاوپێکەوتنی پەناخوازی ئەنجام دەدات. دەتوانیت هاوکاری تەواو وەربگریت بۆ خۆئامادەکردن بۆ جاوپێکەوتنی پەناخوازی لە لایەن نواس ـەوە.

چاوپێکەوتنی پەناخوازی گرنگترین دەرفەتە کە دەتوانیت باسی خۆت و هۆکاری پەناخوازییەکەت لە نۆروێژ بکەیت. ئەوەی لە چاوپێکەوتنی پەناخوازییەکەدا باسی لێ دەکەیت، گرنگترین زانیاری دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی داوایەکەت لەلایەن UDI ـەوە. لەبەر ئەوەی گرنگە کە باش خۆت بۆ ئەم دیدارە ئامادە بکەیت.

بەشێوەیەکی ئاسایی، تەواوی چاوپێکەوتنی پەناخوازی لە لایەن UDI ـەوە بە دەنگ تۆمار دەکرێت. هاوکات ڕاپۆرتێک دەربارەی جاوپێکەوتنەکە بە نووسین لە لایەن UDIـەوە ئامادە دەکرێت و تۆش دەتوانیت داوای کۆپیکەی بکەیت.

ئەرکە لەسەرت کە ڕاستییەکان باس بکەیت. نابێت زانیاری گرنگ بشاریتەوە، یاخود لای خۆت بیهێڵیتەوە و باسی نەکەیت یان باسی نەکەیت کە بۆچی تۆ پێتوایە مەترسیدارە کاتێک بگەڕێتەوە بۆ وەڵاتەکەی خۆت. گەر زانیاری نادروست بدەیت، بۆی هەیە ببێتە هۆکار بۆ ڕەتکردنەوەی داوای پەناخوازییەکەت یاخود وەڵاتبەدەرت بکەن.

گەر پاش چاوپێکەوتنەکە زانیاری نوێت دەربارەی پەروەندەی پەناخوازییەکەت بەدەستگەیشت و پێتوایە گرنگن، یاخود زانیارییەکەت بیرچووە لە کاتی چاوپێکەوتنەکەدا بیڵێت، دەتوانیت UDI لەم باسە ئاگادار بکەیتەوە.

هەموو کەسێک ناتوانێت بەڵگە دەربارەی پەروەندەی پەناخوازییەکەی بدات. گەر تۆ دەتوانیت، ئەرکە لەسەرت کە ناسنامەکەت لە کاتی داوای پەناخوازیدا بدەیتە پۆلیس یاخود نێزیکترین بنکەی پۆلیس. گەر پاسپۆرت یاخود دۆکیۆمێنتی دیکەت لەگەڵ خۆت نەهێناوە، هەوڵ بدە بۆت بنێرن بۆ نۆروێژ. گەر مەترسی ڕاوەدوونانت لەلایەن حکوومەتی وەڵاتەکەی خۆتەوە نەبێت، ئەوکات حکوومەتی نۆروێژی داوای هێنانی ئەو بەڵگانەت لێدەکات لە سەفارەتخانەی وەڵاتەکەی خۆتەوە.

هەروەها دەتوانیت زانیاری گرنگ و کۆپی بەڵگەکانت بنێریت بۆ UDI. بە کورتی زانیاری بنووسە دەربارەی ئەو بەڵگانە. نووسینەکە بە زمانی نۆروێژی بێت باشە گەر نا بە ئینگلیزی. UDI ئەو بەڵگەنامانەی کە پێیانوایە گرینگن بۆ هەڵسەنگاندنی داوای پەناخوازییەکەت، تەرجەمە دەکات. لە کاتی ناردنی بەڵگەکاندا، ناو و ژمارەی DUF ی خۆتی لەسەریان بنووسە.

  • هیچ سڵ مەکەرەوە لە باسکردن دەربارەی خۆت! ئەو کەسانەی کار لەگەڵ داواکارییەکەی تۆ دەکەن لەگەڵ وەرگێڕەکاندا، ئەرکی نهێنیپارێزییان لەسەرە.
  • با زۆرترین باسکردنت لەسەر هۆکاری جێهێشتی وەڵاتەکەت و ئەوەی ڕوویداوە، بێت. وردەکاریەکان دەتوانن گرنگ بن.
  • بەوردی ڕوونی بکەرەوە گەر بگەڕێیتەوە بۆ وەڵاتەکەی خۆت، پێتوایە دووچاری چی دەبیتەوە.
  • ڕاستبێژ بە، باسی ئەو شتانە بکە کە بەسەرتدا هاتووە و لەبیرتن. گەر بە مەبەست زانیاری ناڕاست بدەیت، بۆی هەیە بێێتە هۆکار بۆ ڕەتکردنەوەی داوای پەناخوازییەکەت و وەڵاتبەدەرکردنت.
  • هەموو زانیارییەک دەربارەی هۆکاری پەناخوازییەکەت گرنگن، مەیانشارەوە و لێیان دوودڵ مەبە!
  • گەر پێتوایە باسێکی تایبەت هەیە و بۆت سەختە باسی لێوە بکەیت، ئاگاداری بدە. لەگەڵ ئەوەی هەست دەکەیت کە سەختە باسی ئەوە بکەیت کە بەسەرتدا هاتووە، بەڵام تا دەتوانیت بە وردی باسی لێوە بکە.
  • کاتی پێویست بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان بە باشترین شێوە بەکاربهێنە.
  • هەندێ جار سەختە هەموو شتێکت لەبیر بێت. ئەوەش تەواو ئاساییە. گەر پرسیارێکت ئاڕاستە کرا و وەڵامەکەیت نەزانی یان بیرت نەهاتەوە، زۆر ئاساییە و بیڵێ کە بیرت نایەتەوە یان نایزانیت.
  • گەر بەڵگەی تایبەتت پێیە کە پەیوەندی بە هۆکاری پەناخوازییەکەتەوە هەیە یاخود بەڵگەی تایبەت بە باری تەندروستی، لەگەڵ خۆت بیبە بۆ چاوپێکەتنەکە.
  • پێشکات ئاگاداری بدە گەر خوازیاریت وەرگێڕ و ئەوکەسەی چاوپێکەوتنت لەگەڵدا دەکات، ژن بێت یان پیاو.
  • هیچ دوودڵ مەبە و مەترسە لە ئاگادارکردنەوە لە کاتێکدا بە باشی لە وەرگێڕەکە تێنەگەیت یان ئەو لە تۆ تێنەگات.

ناسنامە

بۆ پۆلیس و UDI گرنگە بزانن کە تۆ کێیت و خەڵکی چ وەڵاتێکیت. ئەرکە لە سەرت ناسنامەی خۆت ڕوونبکەیتەوە. لە کاتێکدا گومان لە ناسنامەی تۆ هەبێت یاخود تۆ بە مەبەست زانیاری ناڕاست بدەیت، مافی کەمترت دەبێت لە نۆروێژ. بۆی هەیە ببێتە هۆکار بۆ ڕەتکردنەوەی داوایەکەت و وەڵاتبەدەرکردنت.

تا دەتوانیت پاسپۆرت یاخود هەر بەڵگەیەکی پەیوەندیدار بە ناسنامەتەوە بدەرە دەسەڵاتدارانی نەرویج. پۆلیس و UDi پرسیارگەلێکت دەربارەی وەڵاتەکەی خۆت، باری خوێندنت و ئەزموونی کارت لێ دەکەن. بۆی هەیە پۆلیس پشکنین بکات بۆ جانتایەکەت، تەلەفۆنەکەت و ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەی کە بەکاریان دەهێنیت. بۆی هەیە تێستی زمانیشت بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە زانیارییەکانت و نشیمەنت.

خێزان

زانیاری دەرباری خێزانەکەت بۆی هەیە گرینگ بێت بۆ ناسنامەکەت یاخود بۆ پەروەندەیەک کە هەڵسەنگاندنی بەپێی ڕێسایەکانی دبلن بۆ بکرێت. هاوکات گرینگیشە بۆ داهاتوو کاتێک تۆ لێرە مافی مانەوەت دەبێت و پێتخۆشە ئەندامانی خێزانەکەت سەرەدانت بکەن یاخود بیانهەوێت لێرە لەگەڵ تۆ بژین.

بارودۆخی تۆ

UDI هەموو پەروەندەیەک بەتەنها هەڵدەسەنگێنێت. لە کاتی چاوپێکەوتندا گەر هۆکارێکی تایبەت هەیە کە دووچاری هاتوویت، دەبێت باسی بکەیت. مەترسە و بێدوودڵی باسەکە ڕوونبکەرەوە. ئەوانەی پەیوەندییان بە داواکاری پەناخوازییەکەی تۆوە هەیە، ئەرکی نهێنیپارێزیان هەیە، ناتوانن ئەو زانیارییانە بدەنە کەسانێک کە پەیوەندییان بە پەروەندەکەی تۆوە نییە.

ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆکاری داوای پاراستن

UDI زانیاری زۆری لەسەر باری وەڵاتەکەی تۆ هەیە. ئەوە تەنها خۆتی دەزانیت کە چیت بەسەر هاتووە و بۆچی داوای پاراستن دەکەیت لە نۆروێژ. دەبێت بە وردی ئەو هۆکارانەی بوونە بڕیاری جێهێشتنی وەڵاتەکەت ڕوون بکەیتەوە، بۆچی پێتوایە گەڕانەوەت بۆ وەڵاتەکەت مەترسیدارە. وردەکاری لەم باسەدا پێویستە. ڕاستی بڵێ، ئەوە باس بکە کە بەسەرت هاتووە و لەبیرتن.

مەترسییەکانی داهاتوو

هەڵسەنگاندن داوایەکەت دەربارەی پێداوستی تۆ بۆ پاراستن، ئایەندەت دیاری دەکات. UDI زۆرترین زانیاری لە تۆ دەوێت تا بتوانێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکات کە چیت بەسەر دێت کاتێک بگەڕێیتەوە بۆ وەڵاتەی خۆت. تا دەتوانیت دابڕ باسی ئەو هۆکارانە بکە کە مەترسیدارن بۆت لە کاتی گەڕانەوەت بۆ وەڵاتەکەت.

گەر لە داهاتوودا بتوانیت لە ناوچەیەکی ئارام لە وەڵاتەکەدا بژیت، یاخود حکوومەتی وەڵاتەکەت بتوانێت بتپارێزێت. ئەودەم وەگرتنی مافی پاراستنت لە نۆروێژ پێنادرێت.

بارودۆخی منداڵ و ڕەهەندەکانی

گەر منداڵی ژێر 18 ساڵت لەگەڵدایە، زانیاری دەربارەی ئەوان گرنگە. بۆی هەیە منداڵ پێویستی پاراستنی تایبەت بەخۆی هەبێت. گرنگە تۆش باری منداڵەکە ڕوونبکەیتەوە. UDI هەمیشە هەڵسەنگاندن بۆ باشترین بار بۆ منداڵەکە لەبەرچاو دەگرێت.

لە پرۆسەی پەناخوازییدا، منداڵ مافی ئەوەی هەیە گوێی لێ بگیرێت. کاتێک منداڵ داوای پاراستن دەکات لەگەڵ باوانیدا لە نۆروێژ، دەتوانێت دیداری هەبێت لەگەڵ udi گەر خۆی خوازیار بێت. منداڵ دەتوانێت هەڵبژێرێت کە دایک، باوک یان سەرپەرشتێک لەگەڵیدا بێت لە کاتی دیدار لەگەڵ udi دا. گرنگە منداڵ هەست بە ئارامی بکات لە دیدارەکەدا و مەبەستی دیدارەکەی لەگەڵ udi یدا لەلا ڕوون بێت. udi مەبەستیەتی بزانێت کە بارودۆخی منداڵەکە چۆن بووە و چی بینیووە و چۆن بیر لە باری خۆی و داهاتووی دەکاتەوە.

زانیاری دەربارەی تەندروستی یاخود شێوازی دیکەی بەرشکان

گەر گرفتێکی تەندروستییت هەیە یاخود هەست بە بەرشکانیت دەکەیت لەبەر هۆکاری دیکە، گرنگە زانیاری دەربارەی ئەوە بدەیت. گرفتی نەخۆشی سەخت پێویستە زانیاری بدرێتە UDI، دەتوانیت پشکینی پزیشکی دەربارەی ئەم بارە بخەیتە بەردەست. UDI هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەو زانیارییانە دەکات کە واتادارن بۆ وەرگرتنی مافی پاراستن، ئەو زانیارییانەی کە پەیوەندن بە باری تەنسازی، مرۆڤدۆستی یان پەیوەندی جڤاکی.

گەر باسێکی تایبەت هەیە کە بەسەرتدا هاتووە و سەختە باسی بکەیت. ئاگاداری بدە. لەگەڵ ئەوەی سەختە بۆت، تا دەتوانیت بە باشترین شێوە باسی لێبکە. بۆی هەیە ئەو باسە گرنگ بێت بۆ داوای پەناخوازییەکەت.

دەسەڵاتدارانی نۆروێژی زانیاری دەربارەی تەندروستی و بەرشکانیت بەهەند دەگرن لە پرۆسەی پەناخوازییدا. ڕەچاوی ئەو خاڵانە دەکەن لە کاتی چاوپێکەوتنی پەناخوازی یاخود ئەو شوێنەی کە بڕیارە لێی بژیت.

کاتێک داواکاری پەناخوازییکەت چاولێدەکرێت، بڕیاری لەسەر داوایەکەت بە نووسراو بۆ خۆت یان پارێزەرەکەت دەنێردرێت. هەمیشە زانیاریگەلێکی گرنگ لەم بڕیارەی UDI دا هەیە. UDI، پۆلیس یان پارێزەر دەتوانن بەوردی ناوەڕۆکی ئەم بڕیارانەتان بۆ ڕوون بکەنەوە.

لێرەدا جۆری ئەو وەڵامانەی لە بەرانبەر داوای پەناخوازییەکەتدا شیمانەی هەیە وەریبگریت، دەخوێنیتەوە:

مافی مانەوە وەک پەنابەر

گەر UDI لەو باوەڕەدابێت کە ژیانی تۆ لە وەڵاتەکەی خۆت لە مەترسیدایە ئەوا مافی پاراستن و مانەوەت وەک پەنابەر لە نۆروێژ دەدرێتێ. زانیاریت دەربارەی ئەرک و مافەکانت وەک پەنابەر لەڕێی
نامەیەکەوە بەدەست دەگات. شوێنێکیشت بۆ دابین دەکەن بۆ ژیان و هاوکاریشت دەکەن بۆ تێکەڵبوون لەگەڵکۆمەڵگەی نۆروێژیدا. مافی مانەوەکەت لە ڕێی داواکارییەوە نوێدەکرێتەوە یاخود دەبێتە هەمیشەیی.

مافی مانەوە بە ڕەچاوکردنی باری مرۆڤدۆستانە

گەر مەرجەکانی پەناخوازی نەتگرێتەوە، دەتوانی مافی مانەوە بە هۆکاری ڕەچاوگرتنی بارێکی تایبەتی مرۆڤدۆستانە یاخود وابەستەیی بە نۆروێژەوە، وەربگری. ئەم جۆرە لە مافی مانەوە تەنها لە باری دەراویتە (إستثنائي)دا دەدرێن، لەم بارەشدا هێنانی پاسپۆرتی خۆت دەبێتە داوا. نەخۆشی سەخت، قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ یاخود کەسێك کە هۆگرییەکی بەهێزی بە نۆروێژەوە هەیە، بۆیان هەیە ئەم جۆرە مافی مانەوەیە بە هۆکاری مرۆڤدۆستانە وەربگرن.  مافی مانەوەکەت لە ڕێی داواکارییەوە نوێدەکرێتەوە یاخود دەبێتە هەمیشەیی.

مافی مانەوەی سنووردار

لە هەندێ باردا بۆی هەیە UDI مافی مانەوەی سنووردارت بداتێ. سنوردارییەکە واتای ئەوەیە کە مافی مانەوەکەت تەنها بۆ ماوەیەکی کورت دەداتێ و ئەم جۆرە لە مانەوەش مافی کەمترە لە جۆرە مانەوەکانی دیکە. بۆی هەیە داوای پاسپۆرتت لێ بکەن بۆ نوێکردنەوەی مافی مانەوەکەت یاخود بۆ پێدانی مافی مانەوەی بێسنوور.

UDI یەکلایی دەکاتەوە کە وەڵاتێکی هاوکارینامەی – دبلن داوای پەناخوازییەکەی تۆ وەربگرێت

گەر وەڵاتێکی دیکەی ئەورووپایی بەرپرسایەتی وەرگرتنی داوایەکەی تۆی بکەوێتە ئەستۆ، لەم بارەدا UDI هەڵسەنگاندنی داوایەکەی تۆ ڕەت دەکاتەوە. UDI بڕیارەکەی خۆیانت بۆ دەنێرێت دەربارەی گەڕانەوەی تۆ بۆ ئەو وەڵاتەی کە بەرپرسایەتی داوایەکەتی وەرگرتووە. پۆلیس ڕێکخستنی ئەم گەشتەی تۆی لە ئەستۆ دەبێت.

UDI داوای پەناخوازییەکەت ڕەت دەکاتەوە.

گەر UDI پێیوابێت کە گەڕانەوەی تۆ بۆ وەڵاتەکەت مەترسیدار نییە و دەتوانیت پارێزراو بیت لە لایەن دەسەڵاتدارانی وەڵاتەکەتەوە، یاخود دەتوانیت لە بەشێکی ئارام لە وەڵاتەکەدا بژیت، مافی پاراستنت نادرێتێ. داوای پەناخوازییەکەت ڕەت دەکرێتەوە.

گەر داوایەکت لەلایەن UDIـەوە ڕەت کرایەوە، یاخود دەسەڵاتدارانی نۆروێژی ویستییان بتنێرنەوە بۆ وەڵاتێکی دیکەی هاوکارینامەی دبلن، ئەودەم مافی سکاڵاکردنت هەیە.

گەر بخوازیت، ئەوا پارێزەرێکی دیاریکراو وەردەگریت کە هاوکارت دەبێت لە تانەدان لە بڕیارەکەی UDI. گەر UDI سکاڵایەکەی نەسەلماند، ئەوا پەروەندەکەت ڕەوانەی دادگەی تێهەڵچوونەوە (UNE) دەکەن. دادگەی تێهەڵچوونەوە پێداچوونەوە بۆ بڕیارەکەی  UDI دەکات بۆ ئەوەی بزانێت بەدروستی دراوە یان نا.

UDI هەڵسەنگاندنی دوای پەناخوازییکەت ڕەت دەکاتەوە

گەر مافی مانەوەت لە وەڵاتێکی دیکەی ئارام هەبێت، ئەوا UDI هەڵسەنگاندنی داوای پاراستنت لە نۆروێژ ڕەت دەکاتەوە. دەتوانیت تانە لەم بڕیارە بدەیت، بەڵام پارێزەر وەرناگریت.

بڕیار لە دادگەی تێهەڵچوونەوە (UNE)

UNE بە سکاڵا لە بڕیارەکەی UDI دا دەچێتەوە. بۆی هەیە بتوانێت بڕیارەکە بگۆڕێت و مافی مانەوەت بدەنێ. UNE دەشتوانێت سکاڵانامەکەت ڕەت بکاتەوە. ڕەتکردنەوەی سکاڵایەکەت لە لایەنUNE ـەوە بەو واتایە دێت کەر ئەرکە لەسەرت کە لە ماوەیەکی دیاریکراودا نۆروێژ بەجێبهێڵیت. دەتوانیت داوای هاوکاری دارایی و گەڕانەوە بۆ وەڵاتەکەت لە ڕێکخراوی IOM بکەیت. گەر نەگەڕێیتەوە، پۆلیس دەتوانێت بتنێرێتەوە بۆ وەڵاتەکەت.

 نهێنیپارێزی

هەموو ئەوانەی کار لەگەڵ داواکارییەکەی تۆ دەکەن، ئەرکی نهێنیپارێزیان لەسەرە. ئەمەش بەواتای ئەوە دێت کە بۆیان نییە هیچ زانیارییەک دەربارەی تۆ بدەنە هیچ کەسێک جگە لەوانەی کە سەروکاریان لەگەڵ داوایەکەتدا هەیە.

IOM – ڕێکخراوی کۆچی نێواندەوڵەتی بۆ پەنابەران

IOM ڕێکخراوێکی نێواندەوڵەتییە و بەشێکە لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان. IOM زانیاری و هاوکاری دەداتە ئەو کەسانەی کە خوازیاری گەڕانەوەن بۆ وڵاتەکەی خۆیان یاخود هەر وڵاتێکی دیکەی کە مافی مانەوەیان لێی هەیە.

بۆئەوەی IOM گەشتی گەڕانەوەت بۆ ساز بکات، دەبێت پاسپۆرت یان بەڵگەنامەیەکی دیکەی گەشتکردنت هەبێت کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی وەڵاتەکەی خۆتەوە دەرهاتبێت. گەر هیچ دۆکیۆمێنتێکی گەشتکردنت نەبێت، ئەوا IOM دەتوانێت هاوکاریت بکات لە داواکردنی وەرگرنی پاسۆرت لە نێزیکترین سەفارەتخانە یان کۆنسولگەری وەڵاتەکەت.

IOM خەرجی گەڕانەوەت لە ئەستۆ دەگرێت، بۆی هەیە هاوکاری دارایی و کردەکییت بدات لە وەڵاتەکەی خۆت. ئەمەش باری سەرشانت سوکتر دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ لە وەڵاتەکەت.

دەتوانیت زانیاری لەسەر گەڕانەوەی دڵخوازانە وەربگریت لە IOM، UDI یاخود کارمەندانی ئەو کەمپەی تێیدا نیشتەجێیت.

مافی وەرگرتنی زانیاری و ڕێنوێنیت هەیە لە ڕێکخراوی NOAS

NOAS زانیاری و ڕێنوێنیت دەداتێ بە زمانی خۆت یان زمانێک کە باشی لێ تێدەگەیت. لە چەند ڕۆژی یەکەمی پاش داواکردنی پەناخوازیت لە نۆروێژ، دیدارت لەگەڵ نواس دەبێت. لەم دیدارەدا زانیاری دەربارەی ئەرک و مافت وەک پەنابەر وەردەگریت. هاوکاریت دەکرێت بۆ ئامادەکردنت بۆ چاوپێکەوتنی پەناخوازی. دەتوانیت دەربارەی ناوەڕۆکی کەیسەکەی خۆت پرسیار بکەیت بەمەبەستی پۆلێنبەندی و وەرگرتنی هاوکاری و ڕێنوێنی.

گەر مەبەستتە قسە لەگەڵ ڕێنوێنێکی «ژن» یان «پیاو» بکەیت لە کاتی دیدارەکەدا، دەتوانیت ئاگادارمان بکەیتەوە.

مافی بەکارهێنانی وەرگێڕت هەیە

مافی بەکارهێنانی وەرگێڕت هەیە بە زمانی خۆت یان زمانێک کە باشی لێ تێدەگەیت. وەرگێڕ کاری وەرگێڕانە لەنێوان تۆ و ئەو کەسەی کە دیدارت لەگەڵی دەبێت لە پرۆسەی پەناخوازیدا. وەرگێڕ ئەرکی نهێنیپارێزی لەسەرە. گەر گرفتت «لە بەر هەر هۆکارێک» لەگەڵ وەرگێرەکەدا هەبێت لە کاتی دیداردا، گرنگە ئاگاداری بدەیت. گەر خوازیاریت وەرگێڕەکەت «ژن» یان «پیاو» بێت، دەتوانیت NOAS یان هەر کەسێکی دیکەی کە دیدارت لەگەڵ دادەنێت لە ماوەی پرۆسەی پەناخوازییدا،  پێشکات ئاگاداری بکەیتەوە.

مافی چارەسەری تەندروستییت هەیە

مافی چارەی تەندروستیت هەیە لە کاتێکدا لە پرۆسەی پەناخوازییدایت لە نۆروێژ. منداڵانی ژێر 16 ساڵ چارەسەری تەندروستییان بە خۆڕاییە. کەسانی دیکەی سەروو تەمەن 16 ساڵ، دەبێت بەشێک لە تێچووی چارەسەرەکە خۆیان بیدەن. گەر پێویستت بە پزیشکی تایبەتکار هەبێت، دەتوانیت داوا لە UDI بکەیت کە تێچووی چارەسەرییەکەت لە ئەستۆ بگریت.

بنکەی تەندروستی یان نەخۆشخانە، پشکنینی «سیل» بۆ هەموو پەنابەرێک دەکات. هەر پرسیارێکی تایبەت بە تەندروستیت یان بابەتی دیکەی ساخڵەمی هەیە، دەتوانیت ئاڕاستەی کارمەندانی بنکەی تەندروستی بکەیت. ئەوانیش ئەرکی نهێنیپارێزییان لەسەرە، زانیاریەکانی تۆ تەنیا بە کەسانێک دەدەن کە تۆ خۆت ڕيزامەندیت لەسەر دابێت.

بنکەی تەندروستی یان نەخۆشخانە، دەرفەتی «کوتان» دەدەنە ئەو منداڵانەی کە پێشتر ڤاکسینیان (دەرزی کوتان) وەرنەگرتبێت.

مافی نیشتەجێبوونت لە کەمپ هەیە 

دەرفەتی نیشتەجێبوونت لە کەمپ هەم خۆڕاییە و هەم دڵخوازانە. UDI بڕیار دەدات کە لە چ کەمێک نیشتەجێ بکرێیت. گەر هۆکارێکی تایبەتت هەیە بۆ داواکردنی کەمپێکی دیاریکراو بۆ نیشتەجێبوون، دەتوانیت نواس یاخود کارمەندانی کەمپ ئاگادار بکەیتەوە.

گەر ناتەوێت لە کەمپ بژیت، دەبێت ناونیشانێک و زانیاری پەیوەندیگرتن بدەیتە UDI. بۆ نمونە گەر بتەوێت لای خێزانەکەت یان ناسراوێکت بژیت، لەو بارەدا هاوکاری داراییت ناکرێت.

منداڵ مافی چوونەبەر خوێندنی هەیە

هەموو منداڵێکی تەمەن 6-16 ساڵ کە زیاتر لە سێ مانگ مایەوە لە نۆروێژ، ئەرک و مافی ئەوەی هەیە بچێتەبەر خوێندن. منداڵانی تەمەن 16-18 دەتوانن داوای بەرخوێندن بکەن لە کاتێکدا لە پرۆسەی پەناخوازییدان.

مافی وەرگرتنی «مۆڵەتی کارکردن»ـت هەیە لە کاتێکدا پەنابەریت

دەتوانیت داوای مۆڵەتی کارکردنی کاتی بکەیت لە کاتێکدا چاوەڕێی وەڵامیت بۆ داوای پەناخوازییەکەت. بەشێویەکی ئاسایی دەبێت پاسپۆرتت هەبێت. گەر داوای پەناخوازییەکەت لە چوارچێوەی هاوکارینامەی دبلندا بێت، ئەوا مافی وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردنت نییە.

مافی وەرگرتنی پارێزەر و مافی تانەدان

مافی سکاڵاکردن و تانەدانت هەیە لە کاتێکدا داوای پەناخوازییەکەت ڕەت بکرێتەوە یاخود UDI بڕیار بدات لەسەر ناردنەوەی بۆ وەڵاتێکی دیکەی ئەورووپایی بەپێی ڕێنوێنییەکانی هاوکارینامەی دبلن. پێشنیازی پارێزەرێکت بۆ دەکرێت، ئەم پارێزەرە پەیوەندیت لەگەڵدا دەگرێت و بڕیارەکەی UDI و هۆکاری ڕەتکردنەوەی داوای پەناخوازییەکەتت بەوردی بۆ ڕووندەکاتەوە. پێویست ناکات تۆ پارە بدەیت بە پارێزەر. بەخۆڕاییە.

گەر خوازیاربوویت کە تانە لە بڕیارەکە بدەیت، ئەوا پاریزەرەکەت سکاڵانامەیەک دەنووسێت و هاوکاریت دەکات لە ناردنی زانیاری نوێ لەسەر کەیسەکەت گەر هەبێت. گەر خوازیاریش بویت کە پارێزەرەکەت ژن یان پیاو بێت، نواس یان کەسانی پەیوەندیدار لە پرۆسەی پەناخوازیدا ئاگادار بکەرەوە.

یەکگرتنەوەی خێزان

گەر مافی مانەوەت لە نۆروێژ درایە، ئەودەم هاوسەرەکەت و منداڵەکانتان کە تەمەنیان ژێر 18 ساڵە دەتوانن بێن بۆ نۆروێژ و پێکەوە لەگەڵ تۆ ژیان بکەن. گەر مافی مانەوەت وەک «پەنابەر» درایە، دەبێت خێزانەکەت لە ماوەی شەش مانگدا ئەم داوایە بکەن

ئەرکە لەسەرت هاوکاری بکەیت لە ڕوونکردنەوەی ناسنامەکەتدا

ئەرکە لە سەرت ڕوونی بکەیتەوە کە تۆ کێیت و خەڵکی کوێیت. گەر دۆکیۆمێنت یان بەڵگەیەکت پێیە یان دەتوانیت بەدەستی بخەیت، دەبێت لە زووترین دەرفەتدا بیگەیەنیتە دەستی پۆلیس.

ئەرکە لەسەرت کە زانیاری دروست بدەیت

بۆ هەڵسەنگاندنی داوای پەناخوازییەکەت لە لایەن UDI ـەوە، ڕوونکردنەوەکانی تۆ گرنگە. گەر بە مەبەست زانیاری نادروست بدەیت، بۆی هەیە ببێتە بنەما بۆ ڕەتکردنەوەی داوایەکەت و وەڵاتبەدەرکردنت. وەڵاتبەدەرکردن، واتای ئەوەیە کە دەبێت نۆروێژ بەجێبهێڵیت و مافی گەشت کردنت بۆ نۆروێژ یان وەڵاتانی دیکەی ئەورووپایی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لە داهاتوودا نامێنێت.

دەسەڵاتدارانی نۆروێژی بۆیان هەیە مافی مانەوەت لێبستێننەوە گەر لە داهاتوودا بۆیان دەربکەوێت کە زانیاری نادروستت داونەتێ.

دەبێت زانیاری بدەیت لە کاتی گواستنەوەت لە کەمپەوە بۆ ناوونیشانێکی دیکە

گەر ئاگاداری نەدەیت، بۆی هەیە پەروەندەی پەناخوازییەکەت دابخرێت پێش ئەوەی وەڵامت بدەنەوە.

دەبێت پابەندی یاساکانی نۆروێژ بیت

گەر ڕێساشکێنی بکەیت، بۆی هەیە لە نۆروێژ بکرێیتە دەرەوە، ئەمەش بەو واتایە دێت کە لە داهاتوودا بۆت نییە گەشت بکەیتەوە بۆ نۆروێژ یان وەڵاتانی دیکەی ئەورووپایی. گەر تێوەبگلێیت لە کارێکی تاوانکاریدا، داوای پەناخوازییەکەت لە زووترین دەرفەتدا وەڵامدەدرێتەوە و بۆی هەیە لە نۆروێژ دەرت بکەن گەر پێویستت بە پاراستن نەبێت.

ئەرکی جێهێشتنی نەرویجت لەسەرە لە کاتێکدا کە وەڵامی ڕەتکردنەوەی کۆتایی بۆ داوای پەناخوازییەکەت وەربگریت

گەر دواوەڵامی ڕەتکردنەوەی داوای پەنابەرییەکەت وەرگرتەوە، ئەرکە لەسەرت نەرویج جێبهێڵیت لەو ماوەیەی کە پۆلیس دیاری دەکات بۆت. پاش ئەو ماوەیە، ئیدی تۆ یاسایی نامێنیت لە نۆروێژ و بۆی هەیە پۆلیس دەستگیرت بکات و بتنێرێتەوە وەڵاتەکەت.

دەتوانیت داوای پەناخوازییەکەت بکێشیتەوە

هەر کات خوازیاربوویت، دەتوانیت داوای پەناخوازییەکەت بکێشیتەوە. هاوکات داوا لە IOM بکەیت بۆ ڕێکخستنی گەشتەکەت و دابینکردنی هاوکاری دارایی بۆت.

 حکوومەتی:

پۆلیسی کاروباری بێگانە
Postadresse: Postboks 2095 Vika, 0125 Oslo
Besøksadresse: Nasjonalt Ankomstsenter, Mosseveien 58, 1640 Råde
Tlf.: 22 34 24 00
www.politiet.no

فەرمانگەی کاروباری بێگانە (UDI)
Postadresse: Postboks 2098 Vika, 0125 Oslo
Tlf.: 23 35 16 00
www.udi.no

دادگەی تێهەڵچوونەوە (UNE)
Postadresse: Utlendingsnemnda, Postboks 2108 Vika, 0125 Oslo
Besøksadresse: Stenersgt. 1B/C, 0034 Oslo
Tlf.: 21 08 50 00
www.une.no

پسپۆڕانی بواری هاوسەرگیری بەزۆر و خەتەنەکردن
Kompetanseteamet mot tvangsekteskap og kjønnslemlestelse kan hjelpe deg hvis du er utsatt for tvangsekteskap eller annen æresrelatert vold
Tlf: 478 09 050
E-post: kompetanseteamet@bufdir.no

ڕێکخراوەکان

ڕێکخراوی نەرویجی بۆ پەنابەران NOAS
زانیاری و ڕێنوێنی و هاوکاری یاسایی دەداتە پەناخوازان لە نۆروێژ. ڕیکخراوەکە دوو بەشی هەیە: زانیاری و ڕێنوێنی بۆ پەنابەرانی نوێ لەلایەن نواسەوە:

ناونیشان: Nasjonalt Ankomstsenter, Mosseveien 58, 1640 Råde
E-post: noasinfo@noas.org

هاوکاری یاسایی و ڕێنوێنی لە کاتی ڕەتکردنەوەی داوای پەناخوازییەکەت یاخود داوای یەکگرتنەوەی خێزان:
ناونیشان: Torggt. 22, 0183 Oslo
Tlf: 22 36 56 60, fax: 22 36 56 61
e-post: post@noas.org
www.noas.no

خاچی سووری نۆروێژی – خزمەتگوزاری گەڕان بەدوای ونبووەکاندا
هاوکار دەبن لە دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان ئەو خەڵکانەی کە یەکدیان ونکردووە لە شەڕ، کێشە، کارەسات یاخود کۆچدا.

Norges Røde Kors Oppsporingstjeneste
ناونیشان: Hausmannsgt. 7, 0186 Oslo
Tlf.: 22 05 40 00
E-post: tracing@redcross.no
www.rodekors.no/tilbudene/oppsporingstjenesten/

ڕێکخراوی جیهانی بۆ کۆچ IOM
زانیاری و هاوکاری بۆ گەڕانەوە.
ناونیشان: Postboks 8927 Youngstorget, 0028 Oslo
Besøksadresse: Skippergata 33, 0154 Oslo
E-post: iomoslo@iom.int
Tlf: 23 10 53 20
Faks: 23 10 53 23
www.iom.no

Jussbuss
هاوکاری یاسایی لە بواری هەمەجۆردا، نمونە، یەکگرتنەوەی خێزان یاخود بڕیاری وەڵاتبەدەری.
بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ماڵپەڕی
www.jussbuss.no

SEIF
هاوکاری کردەکی و یاسایی لە بواری یەکگرتنەوەی خێزان، توندوتیژی لە کەسانی خێزانەکەتەوە، خوێندن و کار.
بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە سایتی
www.seif.no

Skeiv verden (جیهانی کەچ)
تۆڕبەندی و هاوکاری کردەکی بۆ پەنابەرانی هاوڕەگەزخواز و کەمایەتییەکان
ناونیشان:
Torggata 1, 0181 Oslo
Tlf: 23 21 45 98 / 950 93 293
E-post: post@skeivverden.no
www.skeivverden.no

ROSA
هاوکاری ئەو کەسانەی دووچاری بازگانیکردن بە مرۆڤەوە هاتوون.
ناونیشان:
Karl Johans gate 16B, 0154 Oslo
Tlf. 22 33 11 60