fbpx
top

“NOAS” کێیە؟
ڕێکخراوی نەرویجی بۆ پەنابەران (NOAS) ڕێکخراوێکی سەربەخۆیه که لە پێناو مافی پەنابەران لە نەرویج کار دەکات. چالاکییه سەرەکییەکانی ئێمه بریتین له پێدانی زانیاری، ڕێنمایی و هاوکاری یاسایی به پەنابەران و پێداگری و کاریگەری لەسەر دەسەڵاتی نەرویجی سەبارەت بە پرسە سیاسیەکانی گرێدراو بە مافی پەنابەرانەوە. ئامانجی ئێمه سیاسەت و کردارێکی کۆچبەرییه که ڕیشەی له مرۆڤدۆستی، حوکمی یاسا و پەیمانه نێونەتەوەییەکاندایه.

زانیاری بۆ پەنابەرانی نوێ
“NOAS” زانیاری و ڕێنمایی به پەنابەرانی نوێ لە نەرویج دەدات. ئێمه دەربارەی پڕۆسەی پەنابەری لە نەرویج، پێوەرەکانی وەرگرتنی مافی پەنابەری/ پاراستن و ماف و ئەرکەکانی دیکە زانیاریتان پێ دەدەین.

زانیاری لەسەر ئەو بابەتانه لە ئەم نامیلکەیەدا دەست دەکەون.

زانیاری تایبەت بە پەنابەران لە نەرویج (PDF)

زانیاری بۆ پەنابەران لە نۆروێژ

هاوکاری یاسایی بۆ پەنابەران
“NOAS” دەتوانێ له کەیسی ئەو پەنابەرانەی که لە لایەن دایرەی کۆچبەرانی نەرویج (UDI) یان وەفدی پێداهاتنەوە به کەیسی پەنابەری (UNE) ڕەت کراونەوە، بکۆڵێتەوە. ئێمە لە تەواوی ئەو کەیسانه دەکۆڵێنەوە کە دەگەنە بەر دەستمان. بۆ ئەو کەیسانەی کە باوەڕمان وابێت دەتوانین گۆڕانکاری دروست بکەین و ئاکامێکی پۆزەتیڤ بەدەست بێنین، وەک پارێزەرێکی پەنابەران نامه بۆ حکومەت دەنووسین. هاوکاری یاسایی بێبەرامبەرە.

“NOAS” له بابەتگەلی پەنابەری، کۆچی بنەماڵەیی، مافی مانەوەی هەمیشەیی، ڕەگەزنامه و گەڕانەوە یارمەتیتان دەدات.

ئایا بۆ کەیسەکەتان پێویستتان به یارمەتی “NOAS” هەیە؟

بەڵگەکانی ناو کەیسەکەتان بنێرن

ەگەر دەتانەوێ “NOAS” له کەیسەکەتان بکۆڵێتەوە، دەبێ کۆپییەک له دەقی چاوپێکەوتنی پەنابەری، بڕیاری UDI/UNE، تانەی پارێزەر، و هەر جۆرە داخوازییەکی گەڕانەوە بۆ ئێمه بنێرن. ئەگەر هیچ بەڵگەیەکتان لەلا نییە، دەتوانن لە پارێزەری پێشووتان داوای کۆپییەکی بکەن. ئەگەر ئەوەش بۆتان دەست نادات، تکایه بۆ وەرگرتنی بەڵگەکانتان پەیوەندی بە ئێمەوە بکەن. ئەگەر بەڵگەی دیکەتان هەیە بێجگه لەوانەی کە لە سەرەوە باسیان کرا و پێتان وایه بۆ داوای پەنابەرییەکەتان گرنگن، دەبێ ئەوانیشمان بۆ بنێرن.

ئێوە هەروەها دەبێ فۆڕمی وەکالەت و زانیارییەکانی خۆتانمان بۆ بنێرن تا پەیوەندیتان پێوە بگرین. تکایە فۆڕمی ژێرەوە چاپ بکەن، پڕی بکەنەوە و لەگەڵ بەڵگەکانی کەیسی پەنابەرییەکەتان بۆمان بنێرن.

فۆڕمی وەکالەت بە زمانی نەریجی و ئینگلیزی (PDF)

تەماشا بکەن بزانن لەم بابەتانەدا دەبێ چی بکەن: کۆچی بنەماڵەیی، مافی مانەوەی هەمیشەیی، ڕەگەزنامه و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆتان.

دەتوانن لە رێگای ئەم ئیمەیلەوە بەڵگەکانمان بۆ بنێرن، یان بۆ ئەم ئادرێسه پۆستیان بکەن:

NOAS, Torggata 22, 0183 Oslo

“NOAS” چ بە کەیسەکانتان دەکات؟

“NOAS” لە تەواوی پرسیارەکان دەکۆڵێتەوە بۆ ئەوەی بزانێت ئاخۆ شتێک هەیە تا لە ڕێگای ئەوەوە یارمەتیدەر بین یان نا. کەیسی زۆر دەگەنە بەر دەستی “NOAS”، هەر بۆیە دەبێ ئەو کەیسانە بخەینە پێشەوە کە پێمان وایه دەتوانین کاریگەری ئەرێنی بخەینه سەر ئەنجامەکەیان. هەر بەو هۆکارەیه کە NOAS زۆربەی ئەو کەیسانەی کە دێنه بەر دەستی، ڕەتیان دەکاتەوه.

لە کاتی لێکۆڵینەوە له کەیسێک لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوه جەخت دەکەینەوە:

  • تا چەنده یارمەتیتان له پارێزەرەکەتان وەرگرتووە. ئەگەر پارێزەرەکەتان تەواوی ئەو کارانەی که دەبێ بکرێت، کردوویەتی، ئیتر پێویستتان به یارمەتی NOAS نییه.
  • ئەگەر پێمان وابێت دەرفەتی ڕاستەقینه هەیە که حکومەت بڕیاری ڕەتکردنەوەی داوای پەنابەریتان بگۆڕێت. ڕەتبوونەوە له لایەن UNE به شێوەیەکی بنەڕەتی بڕیاری کۆتاییه و بەو مانایه دێت که باوەڕی حکومەت وایه که ئێوه پێویستتان به پاراستن یان مانەوه له نەرویج نییه. گۆڕینی بڕیاری ڕەتکردنەوەی کۆتایی زۆر ئەستەمه.
  • ئەگەر زانیاری نوێ و گرنگ له کەیسەکەتاندا هەبێت که پێشتر حکومەت لێیان نەکۆڵیوەتەوە و دەتوانن ئاکامی کەیسەکەتان بگۆڕن.

له زووترین کاتدا له کەیسەکەتان دەکۆڵینەوە. کەیسی زۆر دەگەنه بەر دەستی NOAS و دەرفەتەکانی ئێمه سنووردارن. هەر بۆیه نزیکەی دوو هەفته هەتا شەش مانگ درێژه دەکێشێ تا له کەیسەکەتان بکۆڵینەوه. ئێمه هەمیشه هەوڵ دەدەین کەیسه بەپەلەکان بخەینه پێشەوه. هەر کات له کەیسەکەتانمان کۆڵیەوە، خۆمان پەیوەندیتان لەگەڵ دەگرین و ئاگادارتان دەکەینەوه ئاخۆ دەتوانین هاوکاریتان بکەین